ديدهکهم له‌و رۆژه‌وه من ئاشناتم رۆحه‌که‌م
ئاشنایێکی به گیان و دڵ فیداتم رۆحه‌که‌م
پوڕتهوی رووی تۆم که دی له‌و ساوه وه‌ك (روح البیان )
هه‌ر خه‌ریکی سه‌یری سووره‌ی ( الضحی )تم ، رۆحه‌که‌م
تا له چاوی موڕشیدی تۆ به‌یعه‌تم وه‌رگرتووه
رۆژوو شه‌و مه‌جزووبی حه‌وشی خانه‌قام رۆحه‌که‌م
دڵ ئه‌گه‌ر مهفتوی دانه خاڵه‌که سهرگۆنهته
خۆم ئه‌سیری داوی باڵاتم رۆحه‌که‌م
تۆ که لۆرتی حوسنی ئه‌مرۆ فه‌رزه من بێ به‌ش نه‌که‌ی
موسته‌حه‌قی رووت و موحتاجی زه‌کاتم رۆحه‌که‌م
من به قووتی وه‌سڵی ئێواره و سبه‌ینێ تۆ ئه‌ژیم
تۆخودا تۆش نه‌ی بڕی مووچه و به‌راتم رۆحه‌که‌م
شه‌و ئه‌زانی بۆچی هه‌ر ده‌ورو خولی رووی تۆ ئه‌ده‌م
تابزانی من که په‌روانه‌ی چراتم رۆحه‌که‌م
بشمرم خاکم له‌پاش سه‌د ساڵ ئه‌لێ وه‌ك ( سام)ی نووح
ئه‌ی مه‌سیحا چاوه‌رێی یه‌ك مهرحهباتم رۆحه‌که‌م
توشی تێغی نازنی تۆ بووم تازه توخوا لێم گه‌رێ
با شه‌هاده‌ت بێ به ئه‌سبابی نه‌جاتم رۆحه‌که‌م
جائیزه‌ی ئه‌م شیعره نازدارانه (( بێخود )) عه‌رز ئه‌کا
کافیه به‌م نه‌وعه لوتفت بۆ خه‌لاتم رۆحه‌که‌م